سەرەکیتەفسیرالحجرات (49)

تەفسیر الحجرات — Al-Hujuraat (49)

مەدەنی · 18 ئایەت

بخوێنە · گوێبگرەفایلی PDF

يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لَا تُقَدِّمُوا۟ بَيْنَ يَدَىِ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ ۖ وَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌۭ ﴿١﴾

ئەی ئەو کەسانەی ئیمان وباوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، وە شوێنی ئەو شەریعەت وڕێسایانە كەوتون کەبۆتان دیاری کراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، نەکەن پێش (اللە تعالی) وپێغەمبەرەکەی (صلی اللە علیە وسلم) بکەون لە گوفتار وکردارتاندا، ھەوڵبدەن ھەمیشە تەقوادار ودیندار وپارێزکار بن، چونکە (اللە تعالی) تەواو بیسەرە بەگوفتارتان، ئاگاتان لە کردارەکانتان بێت، چونکە ھیچی ون نابێت، وە پاداشتان دەدرێتەوە لەسەری

يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لَا تَرْفَعُوٓا۟ أَصْوَٰتَكُمْ فَوْقَ صَوْتِ ٱلنَّبِىِّ وَلَا تَجْهَرُوا۟ لَهُۥ بِٱلْقَوْلِ كَجَهْرِ بَعْضِكُمْ لِبَعْضٍ أَن تَحْبَطَ أَعْمَـٰلُكُمْ وَأَنتُمْ لَا تَشْعُرُونَ ﴿٢﴾

أعملكم وأنتم لا تشعرون ئەی ئەو کەسانەی ئیمان وباوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، وە شوێنی ئەو شەریعەت وڕێسایانە كەوتون کە بۆتان دیاری کراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، بە ڕەوشت وبە ئەدەب بن لەگەڵ پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم)، نەکەن دەنگتان بەرز بکەنەوە بەسەر دەنگی پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم)، وە بەناوی خۆیەوە بانگی مەکەن ھەروەک چۆن یەکتر بانگ دەکەن، بەڵکو بە (پێغەمبەر یا نەبی) بە نەرم ونیانی بانگی بکەن، نەبادا بەبێ ئەوەی بەخۆتان بزانن تووشی گوناه ببن وکردەوە چاکەکانتان بێ مایە دەرچێت وبەفیڕۆ بڕوا

إِنَّ ٱلَّذِينَ يَغُضُّونَ أَصْوَٰتَهُمْ عِندَ رَسُولِ ٱللَّهِ أُو۟لَـٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ ٱمْتَحَنَ ٱللَّهُ قُلُوبَهُمْ لِلتَّقْوَىٰ ۚ لَهُم مَّغْفِرَةٌۭ وَأَجْرٌ عَظِيمٌ ﴿٣﴾

بێگومان ئەوانەی دەنگی خۆیان لای پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم) نزم ئەکەنەوە وبەئەدەبەوە قسە ئەکەن، ئەوان ئەو کەسانەن کە (اللە تعالی) دڵەکانیانی زاخاوداوە بۆ تەقوا وخواناسین، وە زۆر دڵسۆز بوون بۆی، ئەوانە لێبووردنیان بۆ ھەیە لەلایەن (اللە تعالی) وە، ھیچ سزایەکیان نادرێت لەسەر تاوانەکانیان، وە پاداشتی گەورەیان بە نسیب ئەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا، وە (اللە تعالی) دەیانخاتە بەھەشتەوە

إِنَّ ٱلَّذِينَ يُنَادُونَكَ مِن وَرَآءِ ٱلْحُجُرَٰتِ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ ﴿٤﴾

ئەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بەڕاستی ئەو عەرەبە دەشتەكیانەی لەودیوی ژوورەکانی خێزانەکانتەوە بانگت دەکەن، زۆربەی ئەوانە نەفامن وژیر نین (بێ ئەقڵن)

وَلَوْ أَنَّهُمْ صَبَرُوا۟ حَتَّىٰ تَخْرُجَ إِلَيْهِمْ لَكَانَ خَيْرًۭا لَّهُمْ ۚ وَٱللَّهُ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ ﴿٥﴾

ئەگەر ئەوانەی لەودیوی ژوورەکانی خێزانەکانتەوە بانگت دەکەن خۆگر بوونایە وئارامگر بوونایە تا تۆ لەماڵ دەرئەچی ودێیت بۆ لایان، وە بەھێمنی وبێ دەنگی گفتوگۆیان لەگەڵ بکردیتایە، باشتر ئەبوو بۆیان لەوەی کە لەپشتەوە قسەت لەگەڵ بکەن، چونکە ئەوە گەورەیی وڕێزی تێدایە بۆیان، (اللە تعالی) لەو تاوانبارانەی کە تەوبەیان کردووە خۆش بووە، وە جگە لەوانەیش ھەر خۆش بووە، وە لەنەزانینیان دەبورێت بەسۆز وبەڕەحمە بۆیان

يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓا۟ إِن جَآءَكُمْ فَاسِقٌۢ بِنَبَإٍۢ فَتَبَيَّنُوٓا۟ أَن تُصِيبُوا۟ قَوْمًۢا بِجَهَـٰلَةٍۢ فَتُصْبِحُوا۟ عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَـٰدِمِينَ ﴿٦﴾

ئەی ئەو کەسانەی ئیمان وباوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، کار بەو شەریعەت ویاسا وڕێسایانە دەکەن کە بۆتان دیاریکراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، ئەگەر کەسێکی گومان لێکراو ومتمانە پێ نەکراو ھەواڵێکی لە ھۆزێکەوە بۆ ھێنان، ھەروا بە ئاسانی باوەڕی پێ مەکەن ولێی بکۆڵنەوە وبزانن ئایا قسەکە ڕاستە یا ڕاست نییە و ھەڵبەستراوە، نەبادا بە ھۆی ئەو ھەواڵە درۆینەوە کۆمەڵە خەڵکی گرفتار وتووش بکەن، پاشان لەو کارەی کردووتانە پەشیمان ببنەوە دوای ئەوەی ناڕاستی ودرۆیی هەواڵەکەیتان بۆ دەرکەوت. لاپەڕە ١ لە ٤ moc.hgelp بلغ قورئان · تەفسیر

وَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّ فِيكُمْ رَسُولَ ٱللَّهِ ۚ لَوْ يُطِيعُكُمْ فِى كَثِيرٍۢ مِّنَ ٱلْأَمْرِ لَعَنِتُّمْ وَلَـٰكِنَّ ٱللَّهَ حَبَّبَ إِلَيْكُمُ ٱلْإِيمَـٰنَ وَزَيَّنَهُۥ فِى قُلُوبِكُمْ وَكَرَّهَ إِلَيْكُمُ ٱلْكُفْرَ وَٱلْفُسُوقَ وَٱلْعِصْيَانَ ۚ أُو۟لَـٰٓئِكَ هُمُ ٱلرَّٰشِدُونَ ﴿٧﴾

بزانن - ئەی ئیمانداران - کەوا پێغەمبەری خوا کە وەحی بۆ نێردراوە لە نێوانتاندایە، ئاگاتان لەخۆتان بێت درۆی لەگەڵ نەکەن، چونکە لەڕێگەی - وەحی - سروشەوە ئاگادار دەکرێتەوە، ئەو دەزانێت چی باشە بۆتان، ئەگەر لەزۆر شتدا کەداوای لێ ئەکەن بە گوێتان بکات تووشی دەردە سەری ئەبن، بەڵام (اللە تعالی) ئەمەی بۆ ئێوە ناوێت، بەڵکو (اللە تعالی) باوەڕ وفەرمانبەرداری لەلاتان خۆشەویست وشیرین کردووە لەدڵتاندا وبۆی ڕازاندوونەتەوە، ھەروەھا بێباوەڕیی ودوورکەوتنەوە لەڕێگای ڕاست، بەخراپ خستووەتە پێش چاوتان، ئینجا ئەوانەی ئەم ڕەوشتە جوانانەیان ھەیە، ئەوانە ھیدایەتدراو وتێگەیشتوو وپێگەیشتوویەکی تەواون

فَضْلًۭا مِّنَ ٱللَّهِ وَنِعْمَةًۭ ۚ وَٱللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌۭ ﴿٨﴾

ئەوەی کە بەدەستتان ھێناوە لەو سیفەتە جوانانە - ڕازاندنەوە وبەباشدانانى خێر وچاکە - لەدڵتان، وە بە ناشیرین بینینی خراپە وتاوان لەدڵتان، بەخشش وکەرەمێکی (اللە تعالی) یە ونیعمەتێکی شیرینە، (اللە تعالی) خۆی زانایە وچاک دەزانێت کێ شایانی ئەو کەرەم وبەخششە شیرینەیە تا پێی ببەخشێت، وە ھەروەھا زۆر دانایە وە ھەموو شتێکی لەجێی خۆی داناوە

وَإِن طَآئِفَتَانِ مِنَ ٱلْمُؤْمِنِينَ ٱقْتَتَلُوا۟ فَأَصْلِحُوا۟ بَيْنَهُمَا ۖ فَإِنۢ بَغَتْ إِحْدَىٰهُمَا عَلَى ٱلْأُخْرَىٰ فَقَـٰتِلُوا۟ ٱلَّتِى تَبْغِى حَتَّىٰ تَفِىٓءَ إِلَىٰٓ أَمْرِ ٱللَّهِ ۚ فَإِن فَآءَتْ فَأَصْلِحُوا۟ بَيْنَهُمَا بِٱلْعَدْلِ وَأَقْسِطُوٓا۟ ۖ إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلْمُقْسِطِينَ ﴿٩﴾

ء ه ئەگەر دوو دەستە وتاقم لە باوەڕداران لەناو خۆیاندا بوو بە جەنگیان، - ئەی باوەڕداران - نێوانیان چاک بکەن وئاشتیان بکەنەوە، بەبانگ کردنیان بەوەی شەریعەت و یاساو ڕێساکەی اللە تەعالا بکەن بەدادوەر لە نێوان خۆیاندا، ئەگەر ھاتوو دەستەیەکیان ئاشتەوایی نەویست ودەست درێژی کرد، ئەوا ئێوە لەگەڵ ئەوەی ئاشتەوایی ناوێت ودەست درێژی دەكات بجەنگن تا ئەو کاتەی ئەگەڕێنەوە بۆ حوکم وبڕیاری اللە تەعالا، ئەگەر گەڕانەوە بۆ حوکم وبڕیاری اللە تەعالا، ئەوا بەدادپەروەی و گەڕاندنەوەی ھەق بۆ خاوەن ھەق نێوانیان چاک بکەن وئاشتیان بکەنەوە وجیاوازیەکانیان وەلا نێن، وە دادپەروەر بن لەدادوەریەکەتاندا، چونکە الله تەعالا دادپەروەرانی خۆش دەوێت

إِنَّمَا ٱلْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌۭ فَأَصْلِحُوا۟ بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ ۚ وَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ ﴿١٠﴾

بەڕاستی باوەڕداران برای یەکن لە ئیسلامدا، کەواتە ئێوەیش ئەی موسوڵمانینە، نێوانی براکانی خۆتان چاک بکەن وئاشتیان بکەنەوە ولە (اللە تعالی) بترسن و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن ودوور بکەونەوە لە نەهی لێکراوەکانى، بەڵکو ھیوای ئەوە ھەبێت (اللە تعالی) ڕەحمتان پێ بکات ومیھرەبانیتان لەگەڵ بنوێنێت

يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لَا يَسْخَرْ قَوْمٌۭ مِّن قَوْمٍ عَسَىٰٓ أَن يَكُونُوا۟ خَيْرًۭا مِّنْهُمْ وَلَا نِسَآءٌۭ مِّن نِّسَآءٍ عَسَىٰٓ أَن يَكُنَّ خَيْرًۭا مِّنْهُنَّ ۖ وَلَا تَلْمِزُوٓا۟ أَنفُسَكُمْ وَلَا تَنَابَزُوا۟ بِٱلْأَلْقَـٰبِ ۖ بِئْسَ ٱلِٱسْمُ ٱلْفُسُوقُ بَعْدَ ٱلْإِيمَـٰنِ ۚ وَمَن لَّمْ يَتُبْ فَأُو۟لَـٰٓئِكَ هُمُ ٱلظَّـٰلِمُونَ ﴿١١﴾

ئەی ئەو کەسانەی ئیمان وباوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، کار بەو شەریعەت ویاسا وڕێسایانە دەکەن کەبۆتان دیاری کراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، با ھیچ ھۆزێک گاڵتە بەھۆزێکی تر نەکات، لەوانەیە ئەو ھۆزە گاڵتەپێکراوە لەھۆزە گاڵتەپێکەرەکە چاکتر بێت، وە پەند ئەوەیە لای (اللە تعالی) یە، وە باھیچ ئافرەتێك گاڵتە بە ئافرەتێکی تر نەکات، لەوانەیە ئەو ئافرەتە گاڵتەپێکراوە لە ئافرەتە گاڵتەپێکەرەکە چاکتر بێت، غەیبەتی یەکتر مەکەن ویەکتر عەیبدار مەکەن چونکە کە غەیبەتی یەکترتان کرد ویەکترتان عەیبدار کرد وەک ئەوە وایە سوکایەتیتان بەخۆتان کردبێت لەبەر ئەوە کە موسوڵمانان ھەموو یەکن، ناو وناتۆرەی ناشیرین بەیەکتردا ھەڵمەدەن، ھەروەک چۆن خەڵکی مەدینە ئەو کارەیان دەکرد پێش ھاتنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، ھەر کەسێك لە ئێوە ئەم کارانە ئەنجام بدات، ئەوە زۆر فاسقێتی وبەدناوییە بۆ موسوڵمان پاش ئیمان ھێنانی بە (اللە تعالی)، وە ھەر کەسێک پەشیمان نەبێتەوە و-تەوبە- لەو کارانە کە کردوویەتی نەکات، ئەوانە ستەم لەخۆیان دەکەن چونکە خۆیان تووشی تیاچوون دەکەن بەوەی سەرپێچی فەرمانەکانی (اللە تعالی) دەکەن. لاپەڕە ٢ لە ٤ moc.hgelp بلغ قورئان · تەفسیر

يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ ٱجْتَنِبُوا۟ كَثِيرًۭا مِّنَ ٱلظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ ٱلظَّنِّ إِثْمٌۭ ۖ وَلَا تَجَسَّسُوا۟ وَلَا يَغْتَب بَّعْضُكُم بَعْضًا ۚ أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَن يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًۭا فَكَرِهْتُمُوهُ ۚ وَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ تَوَّابٌۭ رَّحِيمٌۭ ﴿١٢﴾

ئەی ئەو کەسانەی ئیمان وباوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، وە کار بەو شەریعەت ویاسا وڕێسایانە دەکەن کە بۆتان دیاریکراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، خۆتان لەگەلێ گومان بردن دوور بگرن (بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکت ھەبێت)، چونکە ھەندێك گومان بردن بەخەڵک گوناھە، وەک گومانی خراپ بردن بەوەی کە لەڕووکەشدا کەسێکی باشە، ھەروەھا بە شوێن عەیب وعاری یەکتردا مەگەڕێن، وە لەپاش ملە -غەیبەت- باسی یەکتر بەخراپە مەکەن، ئەگەر بە خراپە باسی برایەکی کرد وەک ئەوە وەھایە گۆشتی بە مردوویی بخوات، ئایا کێتان ئامادەیە گۆشتی براکەی بەمردوویی بخوات؟ ! دەی ھەروەھا خۆتان بەدوور بگرن لەغەیبەت وبەخراپی بزانن، لەخوای خۆتان بترسن وە فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن، وە خۆتان بەدوور بگرن لەقەدەغەکراوەکانی، بێگومان (اللە تعالی) تەوبەی تەوبەکاران قبوڵ دەکات، وە زۆر میھرەبانە بەرامبەریان

يَـٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَـٰكُم مِّن ذَكَرٍۢ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَـٰكُمْ شُعُوبًۭا وَقَبَآئِلَ لِتَعَارَفُوٓا۟ ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ ٱللَّهِ أَتْقَىٰكُمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌۭ ﴿١٣﴾

ئەی خەڵکینە ئێمە ئێوەمان لە نێر ومێیەک بەدیھێناوە (مەبەست باوکە ئادەم ودایە حەوایە) ڕەچەڵەکی ھەمووتان یەکە وکەس شانازی بە بنەچە وڕەچەڵکی خۆیەوە نەکات، ئێمە ئێوەمان لەچەندەھا ھۆز وتیرەی جیاواز بەدیھێناوە، بۆ ئەوەی یەکتر بناسن نەک بۆ ئەوەی خۆتان بە جیاواز بزانن، چونکە بەڕێزترتان لای (اللە تعالی) ئەوانەیە کە زیاتر (اللە تعالی) دەناسن ولێی دەترسن -تەقوادارن-، وە زیاتر خۆیان لەحەرام وگوناه وخراپە دەپارێزن، وە دڵنیاش بن کە (اللە تعالی) تەواو زانایە بەھەموو شتێک، وە ئاگادارە بە ناخ ونیەتی تاکە تاکەی بەندەکانی لەھەموو کات وساتێکدا، وە ھیچی لێ ون نابێت

۞ قَالَتِ ٱلْأَعْرَابُ ءَامَنَّا ۖ قُل لَّمْ تُؤْمِنُوا۟ وَلَـٰكِن قُولُوٓا۟ أَسْلَمْنَا وَلَمَّا يَدْخُلِ ٱلْإِيمَـٰنُ فِى قُلُوبِكُمْ ۖ وَإِن تُطِيعُوا۟ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥ لَا يَلِتْكُم مِّنْ أَعْمَـٰلِكُمْ شَيْـًٔا ۚ إِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌ ﴿١٤﴾

ئەی (موحەممەد) ( صلی اللە علیە وسلم) ھەندێک لە عەرەبە بیابان نشینەکان -ئەعرابیەکان- دێن بۆ لا ت ودەڵێن: ئێمەش ئیمان وباوەڕمان ھێناوە بە (اللە تعالی) و پێغەمبەرەکەی، تۆش پێیان بڵێ: ئیمانتان نەھێناوە بەڵکو بڵێن: ئێمە ھاتووین وتەسلیم وگوێڕایەڵ بووین، ھێشتا ئیمان وباوەڕ بەتەواوەتی جێگیر نەبووە لەدڵ ودەرونتاندا، چاوەڕێ دەکرێت ئیمان وباوەڕ بەتەواوەتی جێگیر ببێت لەدڵ ودەرونتاندا، - ئەی ئەعرابیەکان- جا ئیتر ئەو کاتە ئەگەر فەرمانبەرداری (اللە تعالی) وپێغەمبەرەکەی بن لە باوەڕهێنان وکردەوەى چاکدا، ئەوە دڵنیابن کە ھیچ کار وکردەوەیەکتان بەزایە ناچێت، بەڕاستی (اللە تعالی) تەواو لێخۆشبوو ومیھرەبانە، بەتایبەت بۆ ئەوانەتان کە تۆبە دەکەن لە تاوانەکانیان

إِنَّمَا ٱلْمُؤْمِنُونَ ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ بِٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ ثُمَّ لَمْ يَرْتَابُوا۟ وَجَـٰهَدُوا۟ بِأَمْوَٰلِهِمْ وَأَنفُسِهِمْ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ ۚ أُو۟لَـٰٓئِكَ هُمُ ٱلصَّـٰدِقُونَ ﴿١٥﴾

لەڕاستیدا باوەڕدارانی تەواو ئەو کەسانەن کە ئیمان وباوەڕێکی پتەو ودامەزراویان ھێناوە بە (اللە تعالی) وپێغەمبەرەکەی (صلی اللە علیە وسلم)، پاشان نەکەوتونەتە ھیچ دوودڵی ودڵەڕاوکێ وگومانێکەوە، ئینجا خەبات وتێکۆشانیان کردووە بەماڵ وسامان وخۆیان بۆ خزمەتکردن بە ئاینی ئیسلام وگەیاندنی، مەبەستیشیان تەنھا بەدەست ھێنانی ڕەزامەندی (اللە تعالی) بووە، وە ھیچ کات پیسکەیی وبەرچاوتەنگیان پێوە دیار نییە، ئا ئەو جۆرە کەسانە کە ئەو ڕەوشتانەیان ھەیە، کەسانێکی ڕاستگۆ وڕاست ودروستن وجێی متمانەن

قُلْ أَتُعَلِّمُونَ ٱللَّهَ بِدِينِكُمْ وَٱللَّهُ يَعْلَمُ مَا فِى ٱلسَّمَـٰوَٰتِ وَمَا فِى ٱلْأَرْضِ ۚ وَٱللَّهُ بِكُلِّ شَىْءٍ عَلِيمٌۭ ﴿١٦﴾

ئەی پێغەمبەر - (صلی اللە علیە وسلم) بەو عەرەبانە بڵێ: ئایا ئێوە دەتانەوێت باوەڕ وئایینی خۆتان بە (اللە تعالی) ڕابگەیەنن وئاگاداری بکەن؟! لە کاتێکدا کە (اللە تعالی) ھەرچییەک لە ئاسمانەکان وزەویدا ھەیە بەھەمووی دەزانێت، وە زانیاری (اللە تعالی) بێ سنوورە وھیچی لێ ون نابێت وزانیاری ھەیە بەھەموو شتێک کە لەم گەردوونەدا ھەیە وڕوو دەدات پێویست بە ڕاگەیاندنی ئێوە ناکات. لاپەڕە ٣ لە ٤ moc.hgelp بلغ قورئان · تەفسیر

يَمُنُّونَ عَلَيْكَ أَنْ أَسْلَمُوا۟ ۖ قُل لَّا تَمُنُّوا۟ عَلَىَّ إِسْلَـٰمَكُم ۖ بَلِ ٱللَّهُ يَمُنُّ عَلَيْكُمْ أَنْ هَدَىٰكُمْ لِلْإِيمَـٰنِ إِن كُنتُمْ صَـٰدِقِينَ ﴿١٧﴾

ئەی پێغەمبەر - (صلی اللە علیە وسلم) ئەوانە منەتت بەسەردا دەکەن کە موسڵمان بوون، تۆش پێیان بڵێ: ئێوە منەت بەسەر مندا مەکەن، بەوەی کە ھاتوونەتە ناو دینی (اللە تعالی)، سودی ئەو باوەڕ ھێنانە - ئەگەر ھەبێت - بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە، بەڵکو (اللە تعالی) منەت دەکات بەسەرتاندا کە ھیدایەتی داون بۆ ئەوەی ئیمان بھێنن، ئەمە باش بزانن ئەگەر ڕاست دەکەن کە دەڵێن ئیمانمان ھێناوە

إِنَّ ٱللَّهَ يَعْلَمُ غَيْبَ ٱلسَّمَـٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ ۚ وَٱللَّهُ بَصِيرٌۢ بِمَا تَعْمَلُونَ ﴿١٨﴾

بێگومان (اللە تعالی) ئاگادار وزانایە بەوەی لە ئاسمانەکان ولەزەویدا شاردراوەتەوە، وە ئاگادارە بە ھەموو کردەوەیەکی بەندەکانی وھیچی لێ ون نابێت، وە ئاگای لەوەش ھەیە کە ئێوە دەیکەن، وە پاداشتان دەداتەوە لەسەر کارە چاک وخراپەکانتان. لاپەڕە ٤ لە ٤ moc.hgelp

فێربە · الحجرات — Al-Hujuraat

بەدوایدا بڕۆ · دووبارە بکەرەوە · بخوێنەوە · بەبێ تۆمارکردن

تەفسیر · 31 زمان